ڕووگەی زەردەشتیان

sample-ad

(نووسینی: ئالان جەمال)

مرۆڤە سەرەتاییەکان و سەرەتای ژیانیان لەسەر زەوی بە بیرکردنەوەی سادە و تێگەیشتنێکی ترس ئامێز لە ڕووداوە سروشتیەکانی دەوربەریان دەستی پێ کردووە، بەهۆی تێنەگەیشتنیان لە ڕووداوگەلێکی وەک (باران بارین، هەورە بروسکە، گەردەلوول، بورکانەکان…هتد)، هۆکاری روودانیان بە هەبوونی هێزێکی لەو دیو سروشتی توانای خۆیان داناوە، هەروەها لەبەرئەوەی زۆرێک لەم ڕووداوە سروشتیانە هەندێک کات کاولکاری و لافاو و سوتان و مردن و تێکدانی سروشتی لێ کەوتۆتەوە، کەواتە ئەو هێزەیان بە ترسناک و کوژەر لە هزری خۆیاندا لێک داوەتەوە. لێرەدا سەرەتاکانی دەرکەوتنی ئاینەکان دەستپێدەکات، ئەویش بە ستایش و نزاکردن و دەستبەرزکردنەوە بۆ ئاسمان و هەندێک جار قوربانیدان. هەر ئەو شوێنەی لە کاتی نزاو نوێژەکاندا ڕوویان تێ کردووە پێی دەوترێ ڕووگە، بە واتا عەرەبیەکەی (قیبلە) کە دواتر ڕووگە لە هەندێک ئاییندا بەیەکێک لە پێویستیەکانی نوێژکردن دانراوە و پێویستە ڕووی تێبکرێت. کەواتە ڕووگە لە ئاوەزی مرۆڤدا شوێنی سەرچاوەی پەیدابوونی ڕووداوگەلێکی سرووشتی بووە، کە دواتر بە پێی فراوان بوونی توانای تێگەیشتن و لێکدانەوەی مرۆڤ و لەسەر دەستی هەندێک کەس ئەم بۆچوونە لە بنەڕەتەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و سەرلەنوێ خوێندنەوەیەکی زیاتر ئەقڵانی بۆ کراوە.
گەر بێینە سەر باسی ڕووگە لە ئاینی زەردەشتیدا و بمانەوێ ڕووگە لە باوەڕی کەسێکی زەردەشتیدا بخوێنینەوە، پێویستە سەرەتا لە بوون و سەرچاوەنی بوونی ژیان و گەردوون بگەین لە هزر و ئاوەزی پەیامهێنەر و دانەری باوەڕ و فەلسەفەی زەردەشتی، ئەویش ئەشو زەردەشتە.

بە باوەڕی زەردەشت، هەر شتێک بتوانێ کار بکاتە سەر شتێکی تر، جوڵەو گەشە و نەمانی پێ ببەخشێ، بە زیندوو دادەنرێت. واتە لەنێوان هەر کار و کاردانەوەیەکدا ژیان هەیە، لەنێوان جوڵەی گەرد و گەردیلە و تەنۆلکەکانی گەردووندا هێزی کار و کاردانەوە هەیە، تەنانەت لە ناوکێکی ئەتۆمدا، گەر زۆر بە کورتی و بە نموونە وەریبگرین، پرۆتۆن و نیوترۆن هەیە، پرۆتۆن بەدەوری تەوەرەی خۆیدا دەخولێتەوە، لەهەمان کاتدا نیوترۆن بە خێرایی بە ئاراستەی پێچەوانە بەدەوری پرۆتۆندا دەخولێتەوە، دەرئەنجامی ئەمەش دواتر بوون و گەردوون بەدیهاتووە. زەردەشت لە گاتاکان یەسنا هاتی ٣٠ بڕگەی ٤ دەبێژێی “لە سەرەتای ململانێی نێوان هەردوو گەوهەری باش و خراپ، ژیان و مەرگ بەدیهاتووە. تا کۆتایی ژیان ئەم ڕەوشە بەردەوامی دەبێت” گەر بە وردی لە واتای ئەم ووتەیە بگەین، بۆمان دەردەکەوێ کە دروستکەر بەو جۆرەی لە ئاینە ئیبراهیمی و سامیەکاندا باسکراوە لای زەردەشت و باوەڕی ئاینی کوردی زۆر پێچەوانەیە و زۆر لۆژیکانە ترە.

لەبەر ئەمە، بە گوێرەی بۆچوونی زەردەشت بە گشتی هەموو دیاردەکانی بوون، پێکهاتەکان، بنەماکان، سروشت، گژوگیا، گیانلەبەر هەموویان زیندوون. لە ووتەکانیدا، زەردەشت بەجۆرێک قسە لەگەڵ (خۆر، مانگ، ئەستێرە، ئاو، هەوا…) دەکات، وەک پێکهاتەیەکی زیندوو قسەیان لەگەڵ دەکات.
زەردەشت (بوون)ی بە سیستمێکی جیهانی داناوە، (ئەهو) ئەو هێزو سیستمی بوونەیە کە حاکمی جیهانی بوونە. لەو سیستمەدا، (بوون) لە زۆر شێوەی جیاوازدا خۆی دەنوینێ، لە شێوەی وزە، ڕووناکی، زیندەوەر، ئاو، خۆڵ، هەوا، مرۆڤ.

لێرەوە دەتوانین لە چەمکی دروستکەر، واتای نوێژ، و (ڕووگە) لە باوەڕ و فەلسەفەی زەردەشتیدا بگەین؛ دروستکەر لە ناوکی ئەتۆمدایە، لە هەناوی تۆزە گەردوونیەکاندایە، دروستکەر لە هەناوی ڕووناکی دایە، لە تۆوی ڕووەک و گیانداراندایە، لە دڵۆپێک ئاودایە، تەنانەت دروستکەر لە پێکهاتە و دەروونی ئێمەی مرۆڤیشدایە، ڕووگە لە خۆماندایە، خۆمان ڕووگەین، خوداش لە گشت جێیەکە و ڕووگەش بەهەمان شێوە. هەروەها ڕووگەی زەردەشتیان لە کاتی ئەنجامدانی نوێژەکاندا خۆمانین.
ئەم بیروبۆچوونە ڕادیکاڵە فەلسەفی و زانستیەی زەردەشت دواتر بووە بە بنەمای بیرکردنەوە و ئامڕازی لێکۆڵینەوە لە دیاردە سروشتیەکان، تا مرۆڤ گەیشت بە قۆناغی پیشەسازی و پیشکەوتنی زانست بەو شێوازەی ئێستا لە سەدەی بیست و یەکدا کاری پێ دەکرێت.

sample-ad

کۆمێنتی فەیسبووک

توانجێک بنووسە.